12‏/09‏/2013

زۆرخواردنی برنجی سپی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بەرزدەكاتەوە

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی نوێ زۆرخواردنی برنجی سپی ئەگەر و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بەرزدەكاتەوە.
لێكۆڵینەوەكە لەلایەن كی سەن، پرۆفیسۆری دەرمان لەكۆلیژی تەندروستی گشتی لەزانكۆی هارڤارد لە بۆستن، ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری (تایم) ی ئەمریكیدا بڵاوكراوەتەوە. بەپێی لێكۆڵینەوەكە خواردنی بڕێك لە برنجی سپی بەشێوەیەكی ڕۆژانە مەترسی تووشبوون بە تایپی 2 لە نەخۆشی شەكرە بەڕێژەی لەسەدا 10 بەرزدەكاتەوە.
پرۆفیسۆر كی سەن دەڵێت:" چەند جێگرەوەیەكی تر هەیە بۆ ئەو كەسانەی سیستمی خۆراكیان ڕۆژانە بڕێكی زۆر لە برنجی سپی لەخۆدەگرێت، ئەویش خواردنی برنجی قاوەییە لەجیاتی برنجی سپی."
لەلێكۆڵینەوەكەدا زیاتر لە 352 هەزار كەس لە ئەمریكا و چین و ژاپۆن وئوسترالیا لە تەمەنەكانی نێوان 4-22 ساڵ بەشداریان تێداكردووە و بەشداربووەكان پێشتر نەخۆشی شەكرەیان نەبووە، و ئاكامی لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە ئەوانەی بەرزترین ڕێژەی برنجی سپیان خواردووە بەڕێژەی لەسەدا 27 مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە بەزدەبێتەوە.
لێكۆڵینەوەكە ڕونیكردۆتەوە برنجی سپی، كە خۆراكێكە زیاتر لەدەوڵەتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخورێت، كاریگەریی هەیە لەسەر ڕێژەی شەكر لەخوێندا و ڕیشاڵی خۆراكی و مەگنسیۆمی تێدانیە.
بەڵام پێش ئەوەی سوێند بخۆیت ئیتر برنجی سپی نەخۆیت، ئەنجامدەرانی لێكۆڵینەوەكە و پسپۆڕانی تری خۆراك هۆشداریدەدەن كە برنجی سپی تاكە سەرچاوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە نیە، بەڵكو كەمبوونەوەی چالاكی جەستەیی و زۆرخواردنیش هۆكارن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشیە درێژخایەنە.

إرسال تعليق

سوپاس بۆ كۆمێنتان ، شكر لتعلیق