19‏/09‏/2013

پێش خواردنی، قارچک بخەرە بەر هەتاو


به‌گوێره‌ی‌ توێژینەوەیەکی نوێ، گەر قارچک بەر لە خواردنی بخرێتە بەر تیشکی خۆر ئەوا دەتوانرێت ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامنین D لێوە بەدەست بهێنرێت.

هاوشێوەی پێستی مرۆڤ، قارچک سود لە تیشکی سەرو وەنەوشەیی خۆر وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆڤیتامن، هەروەها قارچک لەم کردارە بەردەوام دەبێت تەنانەت پاش لێکردنەوە و درەوکردنی.

بۆیە توێژەران ئامۆژگاریمان دەکەن تا بەر لە خواردنی، کەڕووەکان (قارچک) لەناو زەرفەکانیان دەربهێنین و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بیخەینە بەر تیشکی خۆر.

زانایان ئاماژە بەو ڕێژەی ڤیتامن Dییە دەکەن کە لەو ڕێیەوە قارچک دروستی دەکات و بەتایبەتیش ڤیتامین D2 کە سەرجەمیان پێویستییەکەی سەرەکی خۆراکن و سودێکی زۆریان هەیە بۆ چالاک کردنی سیستمی بەرگری لەش و تەندروست ڕاگرتنی ئێسک و ددانەکان، ئەمە جگە لە یارمەتیدانی هەڵمژینی ماددەی (کالیسیۆم).

بەڕێوبەری توێژینەوەکە دکتۆر مایکڵ هۆڵیک لەوبارەیەوە دەڵێت " لەڕێی توێژینەوەکەوە بۆمان دەرکەوت، کاریگەری خواردنی قارچک کە ڤیتامین D2ی تێدایە بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی پێویستی ڤیتامن D لە پێگەیشتوەکاندا زۆر لەوە زیاتر بوو کە لەڕێی خواردنی ڤیتامینە دەستکردەکانی وەک D2 و D3 وە دەستمان دەکەوێت".

هەروەها زانایان ئاماژە بە ئاسانی ئەم کردارەی دانە بەرخۆری قارچک دەکەن لەو وڵاتانەدا کە تیشکی خۆر بەڕێژەیەکی باش بەدیاردەکەوێ لە وەرزە جیاجیاکاندا و لەو بارەیەوە ڕایدەگەێنن، بەکارهێنەرانی قارچک (بەبێ جیاوازی لەنێو جۆرەکانی قارچکدا) ئامۆژگاری دەکرێن تا قارچکەکە بە بێ هیچ بەرگێک (داپۆشەرێک) و لە هەوای دەرەوەدا، لەنێوان کاتەکانی ١٠ی بەیانی و ٣ی عەسر، بۆماوەی ٦٠ خولەک بخەنە بەر تیشکی خۆر بەتایبەت لە مانگەکانی هاوین و کۆتایی بەهاردا کە تیشکی خۆر لە زۆربەی وڵاتەکاندا بەڕێژەیەکی باش بەدیاردەکەوێت، لەو ڕێیەشەوە قارچک ڕێژەیەکی باش لە ڤیتامین D دروست دەکات.

لەکۆتاییدا توێژەرەوان ڕایدەگەێنن، ڕێژەی پەسەندکراوی ڕۆژانەی ڤیتامن D بۆ پێگەیشتووان نزیکەی دوو هەزار (یونت)ە، هەروەها خواردنی تەنها بەشێک لەو قارچکەی کە خراوەتە بەر تیشکی خۆر، نزیکەی چوارسەد یونت لە ڤیتامنی D دابین دەکات.

لە ئینگلیزییەوە هاوڕێ فەریق
سەرچاوە دەیلی مەیڵ

إرسال تعليق

سوپاس بۆ كۆمێنتان ، شكر لتعلیق