20‏/09‏/2013

شەکر، کوشندەترین ژەهری سەردەم


پسپۆڕێکی تەندروستی هۆڵەندا ڕایدەگەێنێت، شەکر وەک ژەهرێکی کوشندە وایە و پێویستە مامەڵەکردن پێیەوە ڕێک بخرێت و هاوشێوەی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە باجی لەسەر دابنرێت.


پێگەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردەوە: پاوڵ ڤان دێر ڤێلپن سەرۆکی دەزگای تەندروستی ئەمستەردام-ی پایتەخی هۆڵەندا پێیوایه‌ شەکر "ترسناکترین ژەهری سەردەمە" و دەڵێت: "شەکر ژەهرێکی هاوشێوەی كحول و جگەرەیە و پێویستە بەکارهێنانی سنووردار بکرێت."

ڤان دێر ڤێلپن سەرۆکی تەندروسی شارێکە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک حەشیشە تێیدا ئازادە، بەڵام لەڕێگەی وتارێکەوە لەسەر پێگەیەکی ئەلیکترۆنی تەندروستی، ڤان دێر ڤێلپن ئاماژە بە زیانە لەڕاددەبەدەرەکانی شەکر دەدات لەڕێی توێژینەوەیەکەوە کە دەڵێت: کاتێک خەڵکی چەوری و پرۆتین دەخۆن، لەپاش تێربوونیان دەستبەجێ دەوەستن لە خوارندیان، بەڵام گەر شەکرو شیرینییەکان بخۆن، ئەوا زیاتر حەزیان لێیدەبێت و بەردەوام دەبن لە خواردنی.

ڤان دێر ڤێلپن خوازیارە خەڵکی بەئاگا بێنەوە لە بەکارهێنانی ئەو ژەهرە زیانبەخشە و دەڵێت: شەکر ماددەیەکە وەک جگەرەکێشان توشی ئالودەبوونت دەکات، هەروەها خەڵکی بەهۆی خواردنی شیرینییەوە ڕوبەرووی چەندین جۆر نەخۆشی دەبنەوە و ساڵانەش ملیارەها دۆلار لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەو نەخۆشیانە خەرج دەکرێت کە چارەسەرەکەی تەنها بە نەخواردن یان کەم کردنەوەی ئەو خۆراکانە دەبێت کە شەکریان تێدایە.


خەندان

لە ئینگلیزییەوە هاوڕێ فەریق     

إرسال تعليق

سوپاس بۆ كۆمێنتان ، شكر لتعلیق